دووەم رۆژی فێستیڤاڵی پێنجوێن بەڕێوەدەچێت

بندووق هاوشێوەی بەڕوو و فستقە و کیلۆی بە 10 هەزار دینار

بڕوا مەجید – پێنجوێن

دووەمین رۆژی فێستیڤاڵی پاییز بە ناونیشانی “پێنجوێن دڵی کشتوکاڵی کوردستانە” لە پێنجوێن بەڕێوەدەچێت و ئەنواع میوە و بەروبوومی خۆماڵی لێیە.

جەمال سدیق جوتیارێکی بەسەلیقە و بەئەزموونی پێنجوێنە و جۆرە میوەیەکی بەرهەم هێناوە بەناوی بندووق، دارەکەی هاوشێوەی بەڕووە و تامیشی لە فستقەوە نزیکە، ئەو دەڵێت، “کیلۆی بە 10 هەزار دینار دەفرۆشم و بە برژاوەی 14 بۆ 16 هەزار دینار دەکات”.

“20 ساڵە ئەم جۆرە دارەم روواندووە و حەوت ساڵی دەوێ تا بەر دەگرێت، هەمان تایبەتمەندی و سیفاتی داربەڕووی هەیە”، جەمال سدیق وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا ئەم جۆرە درەختەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بینیوە و لە هەموو شاخەکانی کوردستانیش دەڕوێت.

فێستیڤاڵی “پێنجوێن دڵی کشتوکاڵی کوردستانە” بەبەشداری 100 جوتیار و فرۆشیار لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و سبەینێش بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری