یاسای "بارگرانی گشتی" جێبەجێ دەکات

ئەمریکا چاوپێکەوتنی ڤیزاکەی لە سەرانسەری جیهاندا راگرت

فەرهاد حەسەن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیکردووە بە راگرتن و دووبارە دانانی چاوپێکەوتنی ڤیزا لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا، هاوکات داواکاران پەیامیان پێگەیشتوە کە بۆ ماوەیەکی کاتی چاوپێکەوتنەکانیان هەڵدەوەشێننەوە بەبێ ئەوەی وادەی جێگرەوە دیاری بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەراندەوە کە دەستپیان بە بەرنامەی راهێنانی جیهانی لە سەرجەم باڵیۆزخانەکان و کونسوڵخانەکاندا کردووە و رایگه‌یاند، کاتەکانی خزمەتگوزاری ڤیزا رێکدەخرێت بۆ ئەوەی کات به‌ ستافی کونسوڵخانەکان بدرێت بۆ بەشداریکردن لە مەشقەکاندا.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئامانجی ئەو بەرنامەیە ئەوەیە کە کارمەندان بتوانن هەڵسەنگاندن بۆ داواکاری ڤیزا بکەن بە شێوەیەکی گشتگیر و ستاندارد، لەگەڵ گرنگیدان بە جێبەجێکردنی یاسای “بارگرانی گشتی”، کە رێگە بە رەتکردنەوەی ڤیزای کۆچبەران دەدات ئەگەر ئەفسەری کونسوڵگەری پێی وابێت کە رەنگە داواکارەکە له‌ دوای گه‌یشتنی به‌ ئه‌مریكا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

لایخۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە، ئەو داواکارانەی کە کاتەکانی چاوپێکەوتنی ڤیزای کۆچبەرییان بۆ داندراوە، پەیامێکیان پێگەیشتووە و ئاگادارکراونەتەوە کە چاوپێکەوتنەکانیان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و له‌كاتێكی دیكه‌دا واده‌ی چاوپێكه‌وتنیان بۆ داده‌نرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای نەکردوە کە راهێنان به‌ ستافی كونسوڵخانه‌ و باڵیۆزخانه‌ چەند دەخایەنێت و چەند داواکار کاریگەری ئەو رێکارەیان لەسەر دەبێت، هەمانکات وادەی دەستپێکردنەوەی چاوپێکەوتنەکانیشی وەکو هەمیشە دیارینەکردوە.

ئەو هەنگاوەی ئەمریکا، دوای چەند رۆژێک دێت کە دادوەرێکی فیدراڵی سیاسەتێکی هەڵوەشاندەوە کە پێدانی ڤیزای کۆچبەرانی بە هاوڵاتیانی 75 وڵات راگرتبوو.

دادگا بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە دەسەڵاتی یاسایی خۆی تێپەڕاندووە بە وەستاندنی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکان بەکۆمەڵ لەبری ئەوەی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ کارمەندانی کونسوڵگەری جێبهێڵێت.

ئەو رێوشوێنە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئه‌و ڤیزانه‌ هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن كونسوڵخانه‌ و باڵیۆزخانه‌كانه‌وه‌ دراون، جگە لەوەش، ئەو زانیارییانەی تاوەکو ئێستا پشتڕاستکراونەتەوە پەیوەندییان بە داواکارانی ڤیزای کۆچبەرانەوە هەیە و وەزارەتەکە هێشتا روونی نەکردوەتەوە کە ئایا بڕیاره‌كه‌ تاچه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر چاوپێکەوتنی ڤیزای گەشتیاری، خوێندن و کارکردن ده‌بێت.