زیاتر لە 200 خێزانی ئاوارەیان تێدایە
کار لەسەر چۆڵکردنی 17 قوتابخانە لە شاری قامیشلۆ دەکرێت؛ پەروەردە پەلەیەتی
فەرهاد حەسەن
بڕیارە ئەمڕۆ، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوارەکانی ناوچەی “شەهبا” کە ئێستا لە 17 قوتابخانەی ناو شاری قامیشلۆ نیشتەجێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵی نوێی خوێندن نزیک دەبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە لە نێوان ئەنجومەنی گەل لە قامیشلۆ، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و فێرکردن و ئەنجومەنی مەدەنی شەهبا بەڕێوەدەچێت و هەر سێ لایەنیش پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی بگەنە رێکەوتنێک کە هەم مافی ئاوارەکان بپارێزێت و هەم قوتابخانەکان بۆ خوێندن ئامادە بکرێنەوە.
لە ئێستادا 210 خێزانی ئاوارەی ناوچەکانی شەهبا لە ناو 17 قوتابخانەی جیاوازی قامیشلۆدا دەژین، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەش لە ماوەی رابردوودا بە فەرمی داوای لە ئەنجومەنی شەهبا کربووم قوتابخانەکان چۆڵ بکەن تاوەکو بتوانن پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکەنەوە.
ئەنجومەنی مەدەنی شەهبا رایگەیاندووە کە توانای ئەوەیان نییە ئاوارەکان بە زۆر لە قوتابخانەکان دەربکەن، چونکە هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆی بچن، چونکە داواکاری سەرەکییان گەڕانەوەیەکی ئارام و گەرەنتیکراوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شەهبا.
لە بەرامبەریشدا دوێنێ ئەنجومەنی گەل و پەروەردە مۆڵەتی 24 کاتژمێریان دابووە ئاوارەکان بۆ چۆڵکردنی شوێنەکان، بەڵام ئاوارەکان دەڵێن بێجگە لەو قوتابخانانە هیچ پەناگەیەکی دیکە شک نابەن.