"مەترسییە و سامانی ئاو بەفیڕۆدەچێت"

رۆژانە هەر تاکێکی کوردستان 400 لیتر ئاوی بۆ دابین دەکرێت

شۆڕش قادری

پشکی ئاوی ڕۆژانەی هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات و دەگاتە دوو هێندەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی تازەترین داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان کە لە بەراوردکارییەکدا لەگەڵ پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەستی کەوتووە، بڕی ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێک گەیشتووەتە 400 لیتر لە رۆژێکدا، کە ئەمەش هاوکات لەگەڵ دەرخستنی توانای گەورەی بەرهەمهێنان، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ مەترسییەکانی بەفیڕۆچوونی سامانی ئاو.

هێڵکارییە بەراوردکارییە زانستییەکان ئاشکرای دەکەن لە کاتێکدا کەمترین ئاستی پێشنیارکراوی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ پێداویستیی تەندروست و ئاسایی تاکێک لە رۆژێکدا 160 لیترە کە بە 100٪ـی پێوەری بنەڕەتی دادەنرێت و زۆرترین ئاستیش 200 لیترە بە ڕێژەی 125٪، لە هەرێمی کوردستان تێکڕای دابینکردنی ئاو لە نێوان 350 بۆ 400 لیتردایە بۆ هەر کەسێک لە شەو و رۆژێکدا، بەمەش قەبارەی ئاوی دابینکراو دەگاتە 200٪ـی پێوەرە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکان، واتە دوو هێندەی ئەو بڕەی کە دامەزراوە جیهانییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ بە پێویستی دەزانن.

وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی کوردستان دەڵێت، شارەزایانی بواری سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە ئەم ئامارانە وەک بەڵگەی توانای بەرزی تۆڕەکانی بەرهەمهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەبینن، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدەن کە ئەم قەبارە بەرزەی بەکارهێنان لە ناوچەیەکدا کە رووبەڕووی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەبێتەوە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئاو، بۆیە جەخت لە پێویستیی چاکسازیی ستراتیژی لە تۆڕەکانی دابەشکردن، دانانی پێوەری زیرەک و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی راستەقینەدا بەرقەرار بێت.