"لە گۆڕەپانەکانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانەکانی ئاوەدانکردنەوە"
مەزڵوم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی راگەیاند
964+
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق وتارێکی پێشکەش کرد و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـی راگەیاند.
لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشکەشی کرد، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆتاییهاتنی ئەرکی “هەسەدە” و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند.
وتارەکەی بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی پێشکەش کرد و ئەمەی بە بڕیارێکی مێژوویی ناوبرد سەبارەت بە داهاتووی هێزەکە و پڕۆسەی ئاشتی لە سوریا.
وتیشی “ئەمڕۆ لە ساتێکی مێژووییدا وەستاوین کە تێیدا لاپەڕەیەکی گرنگ لە مێژووی سوریا هەڵدەدەینەوە و دەستدەکەین بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە ناونیشانەکەی ئاشتی، سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێستا بارودۆخەکان گۆڕاون و وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاشتی و بونیادنانی سووریایەکی نوێ، وتیشی “دوای رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع و تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانمان لە ناو لیواکانی سوپای سوریادا، ئەمڕۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە رادەگەیەنین”.
روونیکردەوە، دەیانەوێت ئەمڕۆ ببێتە سەرەتای گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە گۆڕەپانەکانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانەکانی ئاوەدانکردنەوە و لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی.