لە کفرییەوە بۆ کەلار
دوکانە رەنگاورەنگەکەی حەکیمی ئاڵەت 70 ساڵ تەمەنی کردووە
میلاد جەلال – گەرمیان
حەکیمی ئاڵەت فرۆش بە خۆی و باوکییەوە، 70 ساڵە دوکانی بەھاراتیان ھەیە لە گەرمیان، جاران بەھاراتی حەوت دەرمانەیان دەفرۆشت کە ھەر حەوت جۆر بوو، بەڵام ئێستا 20 جۆرە تێکەڵی دەکەن و ھەر پێی دەڵێن حەوت دەرمانە.
حەکیم محەمەدی تەمەن 57 ساڵ، بە حەکیمی ئاڵەت فرۆش ناسراوە، لەناو بازاڕی کەلار 30 ساڵە دووکانی فرۆشتنی بەھاراتی ھەیە، باوکیشی پێش ئەم 40 ساڵ خەریکی ئەم ئیشە بووە لە قەزای کفری و دواتر ھاتوونەتە کەلار.
حەکیم دەڵێ، ئێستا جۆری بەھاراتەکانیش گۆڕانکاری بەسەرداھاتووە لەچاو سەردەمی باوکم، جاران بەھاراتی حەوت دەرمانە ھەبوو ھەر حەوت جۆر بوو، بەڵام ئێستا 20 جۆرە تێکەڵی دەکەین ھەر پێی دەڵێن حەوت دەرمانە.
بەهارات و ئاڵەتی ئەوان بەهۆی ئەزموون و لێزانینەوە، لە دەرەوەی وڵاتیش بەتایبەت بەریتانیا موشتەری زۆری ھەیە، ھەرکات کوردانی دەرەوە دێنەوە بۆ کەلار 30 کیلۆ و 50 کیلۆ بەھارات دەبەنەوە لەگەڵ خۆیان، بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوە خواردەمەنی چێشتخانەیان هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا