محەمەد ئەمین بۆ 964:
“بڕیارەکە ناعادیلانە بوو و مل بۆ هیچ فشارێک نادەین”
کاروان ساڵحی – کەرکوک
جوتیارە کوردەکەی سەرگەڕان بڕیارەکەی دادگای کەرکوک بە ناعادیلانە وەسف دەکات و پارێزەرەکەشی دەڵێت، تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23.8.2026 دادگای کەرکوک دوای 30 دانیشتن و لەسەر سکاڵای سەربازەکەی سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، بۆ هەر کامێکیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار، واتە دوو ملیۆن دینار، سزای دارایی بەسەر محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕاندا سەپاند.
دوای بڕیارەکە محەمەد ئەمین بە 964ـی وت، “هەرچەندە دەبوو دادوەر بە چاوێکی عادیلانە تەماشای قەزیەکە بکات و باشتر بەڵگەکان بخوێنێتەوە، بەڵام دواجار بڕیارێکی ناعادیلانەی دا”.
“ئەو کەیسەی کە دەستمان پێکردووە، کەیسێکی رەوایە، لەگەڵ هاوڕێیانمان بەگری لە خاک و خەڵکی خۆمان دەکەین و تاوەکو نەگەینە ئەنجام، لە هیچ شتێک سڵ ناکەینەوە و مل بۆ هیچ فشارێک نادەین”، محەمەد ئەمین وای وت.
محەمەد غازی پارێزەری خۆبەخشی دۆسیەکەش دەڵێت، “تانە لە بڕیارەکە دەدەین و چاوەڕێی دوا بڕیاری دادگای تەمیز دەکەین”.
رۆژی 17.2.2025 سوپای عێراق هێرشی كردەسەر ژمارەیەك جوتیاری كورد لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن، دواتر گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان جوتیارە کوردەکان و سوپای عێراق دروستبووە و سەربازێک هێرشی کردەسەر محەمەد ئەمین و لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکی ملی رایکێشا، بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە لە سۆشیال میدیا کاردانەوە و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە.
دواتر نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام لەبری ئەوەی سەربازەکە بگیرێ، خۆی دەستگیر کرا و لە مانگی 3ـی 2025 بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری