یەکێکێش رێنمایی و هۆشداری پێدرا

لە رانیە پێنج تاقیگەی پزیشکی داخران و سزا دران

شۆڕش قادری

لە رانیە پێنج تاقیگەی پزیشکی داخران و سزا دران و یەکێکێش رێنمایی و هۆشداری پێدرا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین وێنەی تاقیگەکانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، شەوی رابردوو و لە هەڵمەتێکدا، لیژنەی پشکنین و بەدواداچوونی تاقیگەکانی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین بە فەرمانی وەزارەتی تەندروستی و بە هاوکاریی نوێنەرانی کۆمەڵە و سەندیکا پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین و قایمقامیەتی رانیە، بەدواداچوونی وردیان بۆ چەندین تاقیگەی پزیشکی لە ناو سەنتەری شاری رانیە ئەنجام داوە.

ئەم هەڵمەتە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان بووە، لە ئەنجامی بڕیار و پێشنیازی لیژنەکدا، ئەم رێکارانەی خوارەوە بەرامبەر تاقیگە سەرپێچیکارەکان گیراونەتەبەر:

تاقیگەی هاوسەر: بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەت، بڕیاری داخستنی درا و غەرامە (پێبژاردن) کرا، تا ئەو کاتەی تەواوی کەمەکوڕییەکان چاک دەکرێن.

تاقیگەی مەلیک: بڕیاری داخستنی درا بەهۆی جێبەجێ نەکردنی مەرجە تەندروستییەکان، تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچییەکان.

ـ تاقیگەی تیتۆکە: بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێنماییەکان بڕیاری داخستن و پێبژاردنی بۆ دەرچوو، تا ئەو کاتەی بە تەواوی پابەند دەبێت.

ـ تاقیگەی شیفا: بڕیاری داخستنی بۆ دەرچوو تا کاتی جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و سەرپێچییەکان.

ـ تاقیگەی نور: ڕێنمایی و ڕاسپاردەی پێویستی پێدرا بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری و پابەندبوونی زیاتر.

ـ تاقیگەی کێوەڕەش: بڕیاری داخستنی بۆ دەرچوو بەهۆی جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان، تا کاتی چاککردنی کەمەکوڕییەکان.

تەندروستی راپەڕین جەخت دەکاتەوە لەوەی کە تەندروستی هاوڵاتیان هێڵی سورە و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی سەرجەم مەڵبەند و سەنتەرە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت، تا دڵنیا ببنەوە لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری شایستە بە خەڵکی دەڤەرەکە.