وەزارەتی بەرگری عێراق و یونسکۆ کردیان
وۆرکشۆپێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی زیانبەخش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ وۆرکشۆپێکیان بەڕێوەبرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی زیانبەخش لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە وۆرکشۆپەکە، نوێنەرانی راگەیاندن لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، شانەی راگەیاندنی ئەمنی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی پەیوەندییەکان بەشدار بوون، بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژییەک بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە جیهانی دیجیتاڵیدا.
وەزارەت دەڵێت، ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێکخراوی یونسکۆ بە ناونیشانی “پەیوەندی و راگەیاندنی کۆمەڵایەتی لەپێناو ئاشتیدا” ئەنجامدراوە و وۆرکشۆپەکەش لەژێر ناونیشانی “وردبینیکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە حوکمڕانیی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی زیانبەخش لە عێراق و هەرێمی کوردستان” بەڕێوەچوو.
ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە تاوتوێکردنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر ناوەڕۆکە زیانبەخشەکان و وردبینیکردنی دەرەنجامەکان و گوێگرتن لە تێبینیی شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەمانکات دۆزینەوەی رێگەی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ناوەڕۆکی خراپ لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەم هەوڵە وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی نێوخۆیی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو زانیاری و ناوەڕۆکانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی رق و کینە لە ناو کۆمەڵگەدا.