تیمەکان لە گەڕاندان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیان

لە زێی گەورەی سنووری قەزای خەبات دوو کەس خنکان


ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات، دوو کەس خنکان و راستەوخۆ تیمەکانی ژێرئاوی بەرگری شارستانی قەزاکە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیان دەستیان بە گەڕان کرد.

موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند؛ کاتژمێر 1:41ـی خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 21.8.2026،  ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوی خنکانی ئەو دوو کەسە، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام پرۆسەی گەڕان بەردەوامە و هێشتا تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە.

وتیشی، هەردوو هاوڵاتییەکە بە نەتەوە عەرەبن، لە رەگەزی نێرن و لە دایکبووی ساڵەکانی 2000 و 2008ن و ئامۆزای یەکترن. دانیشتووی گەڕەكی سەركارێزی سەر رێگای مەخموورن.

هەر ئەمڕۆ  گەنجێکی دیکەی تەمەن 39 ساڵانی دانیشتووی شاری بەغدا کە بە مەبەستی گەشتوگوزار لەگەڵ کەسوکارەکەی سەردانی قەزای ئامێدی کردبوو، لە رووباری شینی ناوچەکەدا خنکا و ئەمەش دەبێتە سێیەمین حاڵەتی خنکان لەمڕۆدا.

بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 19 هاوڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، کە چواریان لە بەنداوەکان بوون و 15 کەسی دیکەش لە چەم و رووبارەکان.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر