"ئیسراحەتمان نەماوە"
سەرتاشەکانی هەولێری پایتەختیش لەگەڵ ئیشی شەواندا نین
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەشێک لە سەرتاشەکانی هەولێری پایتەختیش لەگەڵ ئیشی شەواندا نین و پێیانخۆشە هاوشێوەی زۆربەی هاوپیشەکانیان لە شارەکانی دیکەی کوردستان، هەر کە ئێوارە داهات، دوکانەکانیان قەپات بکەن.
چەند رۆژێکە داخستنی سەرتاشخانەكان لە شەواندا بووەتە بابەتی گەرمی ناو بازاڕ و لە چەند شوێنێکی سلێمانی و ئامێدی و دهۆک، بڕیارەکە جێبەجێ کراوە و کاتژمێر 8ـی ئێوارە سەرتاشخانەکان دادەخرێن.
بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە پەیامنێری 964 لە هەولێر چووەتە سەرتاشخانەیەک و دوو وەستای دواندووە، ئەحمەد رەسوڵ سەرتاشێکی بەئەزمون و لێهاتووە و دەڵێت، “ئیشکردن لە کاتژمێر 10 بەیانی بۆ کاتژمێر 10 و 12ـی شەو زۆر زەحمەتە و ئیسراحەتمان نەماوە”.
“بەس جومعانمان هەیە، خۆ ئەگەر زاوایەکمان لێ پەیدا ببێ، ئەوا جومعەکەشمان لێ تێکدەدا”، ئەحمەد رەسوڵ وادەڵێت.
ئەو وەستایانە دەڵێن، ئەگەر بڕیارەکە دەستەجەمعی بێ و هەمووان بگرێتەوە، ئەوانیش لەگەڵیدان، نەک ئەوەی کە تاقمێک شەوان دوکان بکەنەوە و هەندێکیش دایبخەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری