بارانبارینی کەمتر لە 20 خولەکی هەولێر؛ شەقامی بازاڕی جومعە نوقمی ئاو بوو
964+
رێباز یونس- هەولێر
تەنها بە کەمتر لە 20 خولەک لە بارانبارین، شەقامی بازاڕی شێخەڵا کە بە بازاڕی جومعان ناسراوە لە شاری هەولێر ئاوێکی زۆر تێیدا کۆبووەوە و سەرمەنهۆڵەکان گیران.
پەیامنێری هەولێر لە شوێنی لافاوەکەوە دەڵێت؛ هۆکاری سەرەکیی گیرانی مەنهۆڵەکان و کۆبوونەوەی ئەو بڕە زۆرەی ئاو، پاشماوە و خاشاکی فرۆشیارانی بازاڕەکەیە کە لە دوای تەواوبوونی کاتی بازاڕەکە لە شوێنی خۆیان بەجێی دێڵن، لە کاتی بارانباریندا، ئەو پاشماوانە لەگەڵ ئاوەکەدا دەچنە سەر سەرمەنهۆڵەکان و رێگری لە رۆیشتنی ئاو دەکەن.
بەهۆی ئەم دۆخەوە، چەندین شۆفێر کە ویستوویانە بەو شەقامەدا تێپەڕن، نەیانوێراوە بچنە ناو ئاوەکەوە و گەڕاونەتەوە، چونکە ئاوەکە تا کۆتایی شەقامەکەی داپۆشیوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح