رووداوەکەى گوڵاڵە

“ئاگرەکە بەهۆى تەقینى غازەوە نەبووە”؛ دایکەکە پێش گیانلەدەستدانى ئیفادەى بۆ پۆلیس داوە

964+
سیروان خورشید – خورماتوو

لەسەر دۆسییەى گیانلەدەستدانى دایکێک و سێ منداڵەکەى بەهۆى سووتانى ماڵەکەیان لە شارۆچکەى گوڵاڵە، زانیارى نوێ ئاشکرا بوو. پۆلیس دەڵێت: پێش گیانلەدەستدانى، دایکەکە ئیفادەى داوە و وتوویەتى “مێردەکەم واى کردووە نەک غاز تەقیبێت”.

عەمید هەیسەم شەمەری، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە964ـی وت،” سەرەتا وا زانرا کە روداوەکە بەهۆی تەقینی بوتڵی غازەوە بووە، بەڵام دایکەکە چەند ساتێک پێش گیانلەدەستدانى بەهۆش هاتەوە و ئیفادەی بۆ پۆلیس دا و وتى هاوسەرەکەم ئاگرى لە ماڵەوە بەردا و بەهۆى بوتڵى غازەوە نەبووە”.

وتیشی،” ​بە تۆمەتی تێوەگلاون لەم تاوانە، لە ئێستادا هاوسەری ئەو ژنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەدا نەناوە”.

شەوی رابردوو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکدا لە شارۆچکەی گوڵاڵە، سێ منداڵ دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، دایکەکەش بەهۆی زۆری رێژەی سووتاوییەکەی کە گەیشتبووە 80%، پاش مانەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانیلەدەست دا و دۆسیەکەی گۆڕا بۆ کەیسێکی تاوانکاری.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح