ئیلهام ئەحمەد: هێرش بۆ سەر پەنابەران قبوڵکراو نییە
“لە گفتوگۆن نێوان هەسەدە و دیمەشق پرسی کورد بابەتێکی سەرەکییە”
فەرهاد حەسەن
ئیلهام ئەحمەد، کە لەنزیکەوە شایەتحاڵی گفتوگۆکانیانە لەگەڵ لایەنی سوری ، دەڵێت “لەئێستادا پرسی کورد بابەتێکی سەرەکییە گفتوگۆی نێوانمانە”، هاوکات ئەو هێرشانەشی ئیدانە کردووە کە کرانە سەر کۆچبەران.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رۆناهی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان رۆژئاوا و دیمەشق کرد و رایگەیاند، کە عەبدوڵا ئۆجالان رۆڵێکی سەرەکی لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا بینیووە.
وتیشی، کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری خاڵی دەستپێکی گەیشتن بە چارەسەری سیاسییە، پرۆسەی ئاشتی و پرۆژەی کۆمەڵگای دیموکراتیک کە لەلایەن ئۆجالانەوە دەستیپێکراوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناوچەکە هەیە.
سەبارەت بە پرسی پەنابەرانیش ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەکرد “کاتی ئەوە هاتووە هەموو پەنابەران بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هێرشکردنە سەر پەنابەران جێگەی قبوڵکردن نییە، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەتیش لە هیچ بارودۆخێکدا رەوا نییە”.
باسی لەوەشکرد، کە هەندێک لایەن لە پشت ئەم هێرشانەوەن و سەبارەت بەم بابەتەش لە پەیوەندیی راستەوخۆداین لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییە.