یەکێکى تریش بریندارە

بەهۆی پاشماوەی درۆنێکی ئێرانییەوە؛ سەربازێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کوژرا

وریا فەتاح

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە رێکەوتی 18ـی تەممووزدا، سەربازێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە و سەربازێکی دیکەش بریندار بووە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، رووداوەکە لە کاتی لەناوبردن و تەقاندنەوەی کۆنترۆڵکراوی پاشماوەی تەقەمەنیی درۆنێکی هێرشبەری ئێرانی روویداوە کە پێشتر خرابووە خوارەوە و نەتەقیبوو.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەربازە بریندارەکە برینەکەی سووکە و لە ئێستادا بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەپێناو رێزگرتن لە کەسوکاریان و تا کاتی تەواوبوونی پرۆسەی ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان، ناسنامەی سەربازەکان ئاشکرا ناکرێت و زانیاری زیاتر بڵاو ناکرێتەوە.