لە پارێزگاى سەڵاحەدین

سوپای عێراق دۆسیەی ئەمنیی ناوچەیەکی ئامرلی رادەستی حەشدی شەعبی کرد

وریا فەتاح

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە قەزای ئامرلی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین، سوپای عێراق بەرپرسیارێتیی ئەمنی و خاڵە سەربازییەکانی گوندی “بەستامڵی” رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.

بەپێى بڵاوکراوەیەکى دەستەى جەشدى شەعبى، لە پرۆسەکەدا فەوجی دووی سەر بە لیوای 86ـی سوپای عێراق تەواوی ئەرکە مەیدانییەکانی خۆی لەو ناوچەیەدا، رادەستی لیوای 52ـی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی کرد.

وەک باسکراوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی رێکخستنەوەی دابەشکردنی کەرتەکان و بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان دێت، بە ئامانجی بەهێزکردنی هەماهەنگیی مەیدانی لە نێوان هێزەکان، هەروەها بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی.

رێوڕەسمی رادەستکردنەکە بە ئامادەبوونی ئەحمەد ئامرلی، فەرماندەی لیوای 52ـی حەشدی شەعبی، فەرماندەی لیوای مەغاویر و ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەفسەرانی سەربازیی هەردوولا بەڕێوەچوو.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش کردەوە، هاوکات دووپاتیان کردەوە کە پێویستە ئاستی ئامادەیی و کۆنترۆڵی مەیدانی بەرزبکرێتەوە، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەپێی ڕێکار و بنەما سەربازییە پەسەندکراوەکان مسۆگەر بکرێت.