مەهران: 22 داهێنانم هەیە و کەسیش یارمەتی نەداوم

“موبەریدەیەکی بێ ئاو و کارەبا”؛ داهێنانی گەنجێک لە کەمپی ئاوارەکانی شاریا

فەرهاد حەسەن

گەنجێکی ئاوارەی ئێزدی، موبەریدەیەکی دروستکردووە، نە کارەبای پێویستە و نە ئاو، بە هاوینان فێنک و سارد و بە زستانانیش دەبێتە سۆپا و گەرمی بڵاودەکاتەوە.

مەهران خودێدا خەڵەف شەرۆ، دوای رووداوەکانی ساڵی 2014 کە لە شنگال و دەورووبەری روویاندا، وەکو ئاوارەیەک لە کەمپی شاریای سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێ بوو و دواتر دەگاتە وڵاتی ئەڵمانیا.

مەهران بە 964 ی وت، تاوەکو ئێستا 22 کاری داهێنانی جیاوازی ئەنجام داوە کە بەشێکی کارەکانی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە.

دەشڵێت “دوایین کارم دروستکردنی ئەو موبەریدەیەیە و ماوەیەک پێش ئێستاش مۆلیدەیەکم دروستکرد بێ ئەوەی پێویستی بە گاز و بەنزین هەبێت”.

زۆربەی ئەو کارانەی لە وڵاتی ئەڵمانیا دروستی کردوون تایبەتمەندیان بۆ کەمئەندامان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە و سوودی لێوەردەگرن، بەڵام دەڵێت، “تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەدەم کارەکانم نەهاتووە و لەهیچ لایەکیشەوە هاوکاری نەکراوم”.