لە باشووری موسڵ
لە رووداوێکی هاتوچۆدا ژمارەیەک ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە باشووری موسڵ پاسێکی گەشتیاری و بارهەڵگرێک پێکیاندادا و پاسەکە وەرگەڕا، رووداوەکە ژمارەیەکی زۆر بریندار و گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
موسەنا عەڵی شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە 964ـی وت، “رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 15.8.2026 لە نزیک مەفرەقی حەزەڕ لە باشووری موسڵ روویداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەکە ژمارەیەک گەشتیاری ژن و منداڵی تێدابووە کە لە بەغداوە هاتووە و بەنیازبوون بەرەو یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستان بڕۆن، لەگەڵ بارهەڵگرێک پێکیانداداوە و پاسەکە وەرگەڕاوە.
“ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان زۆرن، بە چاوی خۆم چوار تەرمم بینی، کاتێکیش شوێنی رووداوەکەم جێهێشت، تیمەکان سەقاڵی دەرهێنانی تەرم و بریندارەکان بوون”، موسەنا عەلی وای وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری