گوڕەکەی 7.7 بوو
بوومەلەرزە بەهێزەکەی ئیندۆنیزیا مەترسی تسۆنامی لێدەکرێت
فەرهاد حەسەن
ئەو بوومەلەرزە بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر وڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند، زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان لە ناوچە کەناراوەییەکان.
روداوەکە لە کاتژمێر 5:58ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە بە کاتی ئیندۆنیزیا (11:58 خولەکی شەوی رابردوو بە کاتی هەولێر) روویداوە و کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای گرتووەتەوە.
بێرتۆن سوار، وتەبێژی ئاژانسی رووداوە نەخوازراوەکانی ئەندۆنیزیا راگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە گیانلەدەستدانی پێنج کەس پشتڕاستکراوەتەوە و تیمەکانیش خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی وردترن بۆ راگەیاندنی ئاماری کۆتایی قوربانییان و قەبارەی وێرانیی باڵەخانەکان.
لایخۆشییەوە، ئاژانسی کەشناسی و جیۆفیزیکی ئەندۆنیزیا هۆشداریی تسۆنامی راگەیاندم ئەمەش وایکرد هەزاران کەس بە ترس و دڵەڕاوکێوە بەرەو شوێنە بەرزەکان و گردەکان رابکەن.
ئەندۆنیزیا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی و کەوتنی لەسەر “بازنەی ئاگر”ی زەریای هێمن، یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا روودەدات، لەوانەش ساڵی 2004، بوومەلەرزەیەکی 9.1 پلەیی لە کەناراوەکانی سوماترا کە بووە هۆی تسونامییەک و گیانلەدەستدانی 220 هەزار کەس لە ناوچەکەدا 170هەزاریان تەنیا لە ئەندۆنیزیا بوون. ساڵی 2018 بوومەلەرزەیەک لە دوورگەی لۆمبۆک زیاتر لە 550 کەسی کوشت.