شەوی رابردوو چی گوزەرا؟
بوومەلەرزە بەهێزەکەی ئیندۆنیزیا و هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران
شۆڕش قادری
بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئیندۆنیزیای هەژاند و ترەمپیش دەڵێت، گەرووی هورمز دەکاتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا، کورت و پوخت پێتان دەڵێین شەوی رابردوو چی روویدا؟
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر ئیندۆنیزیای هەژاند و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، هەر بەوهۆیەوە کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
ئاژانسی کەشناسی و جیۆفیزیکی ئیندۆنیزیا هۆشداریی تسۆنامی راگەیاند و ئەوەش وایکرد هەزاران کەس بە ترس و دڵەڕاوکێوە بەرەو شوێنە بەرزەکان و گردەکان رابکەن.
بێرتۆن سوار وتەبێژی ئاژانسی رووداوە نەخوازراوەکانی ئیندۆنیزیا: گیانلەدەستدانی پێنج کەس پشتڕاستکراوەتەوە و تیمەکانیش خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی وردترن بۆ راگەیاندنی ئاماری کۆتایی قوربانییان و قەبارەی وێرانیی باڵەخانەکان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز: گورزی گەوەرە لە ئابووری ئێران دەدەین و بەمزووانەش گەرووی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا رادەگەیەنم.
ترەمپ: گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە و هیچ کەشتییەک بۆی نییە بەو سنوورەدا تێپەڕ ببێت، مەگەر ئەوەی کە ئێمە رێگەی پێبدەین.
ترەمپ: زیاتر لەوەی کە حەزم لێی بوو هێزی سەربازیم بەکارهێناوە، بەڵام گوشار لەسەر رێژیمی ئێران پێویستە بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران: داهاتمان بەتەواوەتی کەم بووەتەوە و داهاتی فرۆشتنی نەوتیش نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک کە کارگەکان تووشی کێشە بوون و ناتوانین باج و گومرگیان لێ وەربگرین.
پزیشکیان: گرانی لەم کاتەدا شتێکی ئاساییە، پێشتر بە کەشتی کاڵاکانمان هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێ رێگەیەکی دوور و درێژ بەکاربهێنرێت و ئەوەش نرخی کاڵاکان دەباتە سەرەوە.
شەوی رابردوو بۆ یەکەمجار وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە سلێمانی دەستیپێکرد، یارییەکە لە نێوان یانەی نەورۆز و قوە جەوییەی بەغدا بەڕێوەچووە و یارییەکە بە یەکسانبوون و بە ئەنجامی سێ گۆڵ بۆ هەریەکێکیان کۆتاییهات.
بەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەنێوان پاسێکی گەشتیاری و بارهەڵگرێک لە باشوری موسڵ روویدا، بەهۆیەوە پاسەکە وەرگەڕا و ژمارەیەکی زۆر بریندار و گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئێوارەی دوێنێ گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی رواندز لە وێری کاولۆکان لەکاتی مەلەکردن خنکا و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران دۆزرایەوە.