داری تەمەن سەروو 100 ساڵیان بۆ بڕیوەتەوە
لە گوندێکی دەربەندیخان دەست بەسەر کانێکی دورستکردنی خەڵوزدا گیرا
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دۆزینەوەی کانێکی خەڵوز دروستکردنی لە گوندێکی قەزای دەربەندیخان ئاشکراکرد، کە لەلایەن مەفرەزەیەکی بەشەکەیان لەو قەزایە ئاشکرا کراوە.
کانە خەڵوزەکە دەکەوێتە سنوری گوندی مۆرتکەی دەربەندیخان.
عەقید سەردار ئەحمەد رەشید، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان، دەڵێت، دوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی ورد کە چەند رۆژیکی خایاندووە، توانیویانە دەست بەسەر ئەو کانەدا بگرن کە بە نایاسایی خەڵوزی تێدا دروستدەکرا .
دەستیان بەسەر چەند کەلوپەلێکیشدا گرتووە کە بۆ هەمان مەبەست بەکارهێندرابوون .
وتیشی “ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە داری تەمەن سەروو 100 ساڵیان بۆ خەڵوز دروستکردن بڕیوەتەوە، کە لە جۆری (بەڕوو) بووە و پارچە پارچە کراوە” .
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبار و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە .