نەمانی هێزی کێشکردنی زەوی

دەنگۆی گیانلەدەستدانی 40 ملیۆن کەس و پڕۆژە نهێنییەکەی ناسا

مستەفا نەهرۆ

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵ و دەنگۆیەک بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، کە باس لە نەمانی هێزی کێشکردنی زەوی دەکات و ترسی خستووەتە دڵی خەڵکییەوە، لە دەنگۆکەدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لە 12.08.2026ـدا، زەوی بۆ ماوەی حەوت چرکە هێزی کێشکردن لەدەست دەدات و بەو هۆیەوە مرۆڤ و هەموو شتەکانی سەر زەوی بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، ئەمەش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 40 ملیۆن کەس لە کاتی کەوتنەخوارەوەیاندا.

ئەو ڤیدیۆ و پۆستانە باس لەوەش دەکەن کە گوایە ئاژانسی ناسا پێشوەختە ئاگاداری ئەم رووداوەیە و بڕی 89 ملیار دۆلاری بۆ پڕۆژەیەکی نهێنی بە ناوی (Project Anchor) تەرخان کردووە تاوەکوو پەناگەی ژێر زەوی بۆ کەسایەتییە گرنگەکان دروست بکات.

بەڵام دوای بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە، دەرکەوت کە ئەم بابەتە بە تەواوی چەواشەکارییە و دوورە لە راستییەوە.

زانایان و ئاژانسی ناسا بە فەرمی وەڵامی ئەم دەنگۆیەیان داوەتەوە و دەڵێن، شتێک نییە بە ناوی وەستانی کاتیی هێزی کێشکردن، بۆ ئەوەی زەوی کێشکردنی نەمێنێت دەبێت خودی زەوییەکە کێش و قەبارەی خۆی لەدەست بدات و بەتەواوی بوونی نەمێنێت.

زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەگەر تەنانەت بۆ تەنیا یەک چرکەش هێزی کێشکردن نەمێنێت، تەنیا مرۆڤەکان بەرز نابنەوە بۆ ئاسمان، بەڵکوو خودی زەوییەکەش پارچەپارچە دەبێت و لەبەریەک هەڵدەوەشێت هەروەها ناسا بوونی هەر پڕۆژەیەکی نهێنی بە ناوی “پڕۆژەی لەنگەر” بەتەواوی رەتکردووەتەوە.

سەرچاوەی ئەم هەواڵە درۆینەیە، کابرایەکە لە ئینستاگرام و تیکتۆک، کە پێشتر بە درۆ خۆی وەک پزیشک، شارەزای تاوان ناساندووە و بەردەوام چیرۆکی خەیاڵی بڵاودەکاتەوە، ماڵپەڕە جیهانییەکانیش دوای لێکۆڵینەوە دەڵێن بەهۆی شێوازی نووسینەکانیەوە پێدەچێت ئەو چیرۆکانە بە ژیری دەستکرد دروست کرابن. هەر کە ئەم ڤیدیۆیەشی زۆر بڵاوبووەوە و ماڵپەڕەکان بەدواداچوونیان بۆ کرد، یەکسەر هەژمارەکەی داخرا و دیار نەما

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بەروارەش بۆ ئەم هەواڵە درۆینەیە ئەوەیە کە لە 12ی ئابی 2026دا رووداوێکی گەردوونی روو دەدات ئەویش خۆرگیرانێکی تەواوە کە لە بەشێکی ئەورووپا و جەمسەری باکوور دەبینرێت.

دروستکەرانی ئەم ڤیدیۆیەش ئەم رووداوەیان قۆستووەتەوە و چیرۆکێکی خەیاڵییان پێوە لکاندووە. لە کاتێکدا خۆرگیران شتێکی زۆر ئاساییە، تەنیا کاریگەرییەکی کەمی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ئاوی دەریاکان، و هیچ پەیوەندییەکی بە نەمانی هێزی کێشکردن و فڕینی مرۆڤەوە بۆ ناو ئاسمان نییە.

سەرچاوە: Snopes