بۆ یەکەمجارە لە هەموو عێراقدا راهێنانێکی وا ئەنجام دەدرێت

را‌هێنانێکی پزیشکیی تایبەت لە نەخۆشخانەی شار بەڕێوەچوو

شۆڕش قادری

بۆ یەکەمجار لە هەموو عێراقدا راهێنانێکی تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە لەناکاوەکان و بەهاناوەچوونی بریندارانی بەکۆمەڵ لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی چەند وێنەیەکی کاتی راهێنانەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، رێکخراوی پزیشکانی بێسنور بەمیوانداری بەرپرسانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕاهێنانێکی مەیدانی و تاقیکارییان لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی بەڕێوەبرد.

راهێنانەکە تایبەت بووە بە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە لەناکاوەکان و مامەڵە و بەهاناوەچوونی بریندارانی زۆر لە کاتی دۆخی نەخوازراو و قەیرانەکاندا.

لە راهێنانەکەدا تواناکانی نەخۆشخانەکە خراونەتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی کردارییەوە بۆ ئەوەی روون ببێتەوە ستافی پزیشکی چۆن مامەڵە لەگەڵ هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە برینداران دەکەن و رێکارەکانی دەستبەجێ پێشکەشکردنی چارەسەری بەپەلە چۆن بەڕێوە دەچن.

ئەم راهێنانە بۆ یەکەمجارە لەسەرانسەری عێراقدا بەڕێوەبچێت کە راهێنانی چارەسەری رووداوی لەناکاو و قوربانی بە کۆمەڵە.

د. شریهاری کاتامانشی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی خێرای رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، نەخۆشخانەی شار لەسەر ئاستی عێراق ناوەندێکی تەندروستیی زۆر پێشکەوتووە، بە شێوازێکی بێوێنە و سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ دۆخە سەختەکاندا دەکات و جێگەی شانازییە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخۆشخانەیەکی لەم شێوەیە هەیە.