لە ئاکرێ

ئاسانسۆری کارگەیەک کەوت و دوو کرێکار برینداربوون

شڤان عەبدوڵا – دهۆک

نزیک کاتژمێر 07:00 ئێوارەی ئەمرۆ لە یەکێک لەکارگەکانی شیرینی لە قەزای ئاکرێ پارێزگای دهۆک، کاتێک دوو کرێکار بە ئاسانسۆر خەریکی گواستنەوەی کەرەستەکان بوون، ئاسانسۆرەکە بەربووتەوە و کرێکارەکان برینداربوون.

دوای برینداربوون، دوو کرێکارەکە راستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ.

لە رێگەی تەندروستی ئاکرێ و پزیشکی ئیشکگرەوە، پەیامنێری 964 زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە، بەهۆی قەبارەی ئاسانسۆرەکە و کەوتنەخوارەوەی، یەکێک لە کرێکارەکان قاچی شکاوە و ئەوی دیکەشیان ئازار بە پشتی گەیشتووە.

چارەسەری سەرەتایی بۆ کرێکارەکان کراوە لە هەمان نەخۆشخانە و زانراوە یەکێکیان دانیشتووی وڵاتی ئێران و بۆ کارکردن لە دهۆک بووە، کرێکارەکەی دیکە دانیشتووی سەنتەری پارێزگای دهۆکە.

برینداربوونی ئەم دوو کرێکارە لەکاتێکدایە، کە تەنیا لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 11 کرێکار لەسەر کار لە پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە، بەراورد بە تەواوی ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا دوو حاڵەت زیاترە کە پارساڵ نۆ حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا