"ناهێڵن کەسابەت بکەین"
چەند کاسبکارێکی کۆیە گردبوونەوە و رێگای کۆیە ـ دوکانیان داخست
دەریا ئەحمەد – کۆیە
چەند کاسبکارێکی کۆیە گردبوونەوە و رێگای نێوان کۆیە ـ دوکانیان داخست و داواکاریان ئەوەیە تەنیا رێگەیان بدرێت کەسابەت بکەن و لەسەر شەقام سەوزە و میوە بفرۆشن.
دوو لەو کاسبکارەکان قسەیان بۆ 964 کرد و وتیان، راستە شوێنێکی تایبەتمان بۆ دیاریکراوە بۆ کەسابەت، بەڵام ژێر جەمەلۆنە و زۆریش گەرمە و رسقەکانمان لەوێ ناشرین دەبێت و تێکدەچێت، کاتێک دێین لەسەر شەقام شت دەفرۆشین سەیارەکانمان دەستبەسەر دادەگرن و دواتر غەرامەمان دەکەن ئینجا دەمان دەنەوە.
“لە هەموو شارەکان عارەبانە و دەستگێڕی سەر شەقام هەیە، بۆچی لە کۆیە رێگە بەمە نادرێت؟ بەشێک لە کاسبکارانیان ناچارکردووە ئەم شارە بەجێبهێڵێت”، یەکێک لە کاسبکارەکان وای وت.
دەشڵێن، داواکاریمان ئەوەیە رێگەمان بدەن لەسەر شەقام بەرهەمەکانمان بفرۆشین و هەموومان منداڵی هەژار و بێ پارەین و بژێویمان لەسەر ئەو کارەیە و ئێستا بیکاریان کردووین.
لە رابردوودا شارەوانی کۆیە بەهۆکاری رێکخستنەوەی شەقامەکان، پاراستنی سیمای شار و رێکخستنەوەی شوێنی کاسبکاران، سەرجەمیانی لەسەر شەقام دوورخستەوە و لەهۆڵێک دا و لە یەک شوێن کۆیکردنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر