"ئەو بنکانە هى حەشد نین"

حەشدی شەعبی روونکردنەوە لەبارەی داخرانی 71 “بنکەی وەهمی” دەدات

وریا فەتاح

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داخستنی دەیان بنکەی وەهمی بەناوی حەشدی شەعبییەوە راگەیاند، دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەکاتەوە ئەو بنکانە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە هەبێت و رایدەگەیەنێت کە هێزەکانی خۆیان ئەو بنکانەیان داخستووە.

ئەمڕۆ مەقداد مێری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، 845 نوسینگەیان لە سەرانسەری وڵات پێکهێناوە، هەروەها 71 بنکەی وەهمیشیان داخستووە کە بەناوی حەشدی شەعبییەوە کرابوونەوە.

لەسەر ئەم بابەتە، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “ئەو بارەگا وەهمیانەی کە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە و سەرپەرشتیارەکانیان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە سەر بە حەشدی شەعبین، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە دەستەکەیانەوە نییە.”

حەشدی شەعبی روونیکردووەتەوە، رێکارەکانی داخستن و بەدواداچوون بۆ ئەو بنکە وەهمیانە، لەلایەن “بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و لێکۆڵینەوە”ی سەر بە حەشدی شەعبییەوە جێبەجێکراون، ئەمەش لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنەی هەمیشەیی قەتیسکردنی چەک بووە کە لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە پێکهێنراوە.

لە کۆتاییدا دەستەی حەشدی شەعبی هۆشداری دەدات و جەخت دەکاتەوە، کە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و چارەسەرکردنی حاڵەتی لەم شێوەیە، و رێکاری یاسایی و کارگێڕی توند دەگرنەبەر بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵبدات خۆی بە حەشدی شەعبی بناسێنێت یان ناوەکەی بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان بقۆزێتەوە.