بەهۆی گرانی بەنزین و خراپی کوالێتییەکەی

شۆفێران روو لە سیستەمی غاز دەکەن

کاردۆست حسێن ـ هەولێر

بەهۆی گرانی نرخی بەنزین و خراپی کوالێتییەکەی، شۆفێران بە گشتی و شۆفێرانی تاکسیش بەتایبەتی روویان لە بەستنی سیستەمی غاز کردووە.

توانا عەلی، خوێندکارە و تاکسی پێیە، ئەو بە 964ـی وت، “ئۆتۆمبێلەکەم کردووەتە سیستەمی غاز و حەساومەتەوە لێی، چونکە نرخەکەی لەگەڵ بەنزین جیاوازی زۆرە و کوالێتییەکەشی باشترە بۆیە پشتی پێدەبەستم”.

لەسەر ئەم بابەتە وەستا محەمەد سەفین کە کاری بەستانی سیستەمی غازە بۆ ئۆتۆمبێلەکان، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “هیچ مەترسیەکی نییە بەڵام پێویستە ستافی شارەزا کاری لەسەر بکات.”

ئەو وەستایە باسی لەوەشکرد، ئەگەر شۆفێر کەمتەرخەمی نەکات و لەلای کەسی شارەزا سیستەمەکە ببەستێ و مانگانە چاکسازی تیا بکات، لە هەر چوار وەرزی ساڵ کێشەی نابێت.

پێداچوونەوە: هەژان هادی