بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان

ساڵێک بە دوو ساڵ هەژمار دەکرێت؛ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر خزمەتی سەربازی و ئەمنی دا

964+

وریا فەتاح

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت، رەزامەندی دەربڕی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی “دوو چەندانە” (واتە ساڵێک بە دوو ساڵ). ئەم بڕیارەش بە مەبەستی رێکخستنەوەی راژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دەرچووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، نووسراوی بڕیارەکە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ، و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە. تیایدا هاتووە کە ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە رێکەوتی 4ـی تەمموزی 1992 (واتە لە راگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە) دەستپێدەکات تاوەکو کاتی کۆتایهێنان بە راژەکانیان. هاوکات، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تا رێکەوتی 31ـی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.

سەبارەت بە مەرجەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، پرۆسەی هەژمارکردنی خزمەتەکە بەو مەرجە دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە پارەی خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتییەکەی بداتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە لە 10%ـی مووچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش ئەو بڕە دەگاتە 6 ملیۆن و 336 هەزار دینار.

ئەوەش روون کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە، بەڵکو بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە و پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی بە فەرمی داواکاری بۆ هەژمارکردنی خزمەتەکەی پێشکەش بە فەرمانگەکەی بکات.

سەبارەت بە گواستنەوەی راژەش، بڕیارەکە جیاوازی لە نێوان سێکتەرەکاندا کردووە؛ ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نایانگرێتەوە. بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لە نێوان خودی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ پارێزراو دەبێت.