گومان لە مردنی هەیە بەهۆی سەرماوە

تەرمى هاوڵاتییەکی پاکستانی لە چیاکانی حاجی ئۆمەران دۆزرایەوە

ئاکام غەفوور – سۆران

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 7.11.2026، تەرمى هاوڵاتییەکی پاکستانی لە ناوچە شاخاوییەکانی حاجی ئۆمەران، لە سنووری پارێزگای هەولێر دۆزراوەتەوە.

عەبدولوەهاب مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، بە تۆڕی 964 وت، تەرمەکە لە نزیک مەقەرێکی پێشمەرگە، لە سەر سنووری چیایەک لە پشت حاجی ئۆمەران دۆزراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ناحیەکە، ئەو هاوڵاتییە هەوڵی داوە بە شێوەی قاچاخ بچێتە ناو هەرێمی کوردستان، هەروەها ناسنامە و بەڵگەی رەگەزنامەی پاکستانی پێ بووە و لە ساڵی 1994 لەدایک بووە.

عەبدولوەهاب مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، گومان دەکرێت ئەو هاوڵاتییە بەهۆی توندیی سەرما گیانی لەدەست دابێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هۆکاری مردنەکە، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادیی کراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و توێکاری.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا