وەزارەت رایگەیاند

بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان؛ کارەبا لە هەندێک ناوچە بە کاتی دەبڕدرێت

ئەحمەد مستەفا

بەهۆی بەردەوامبوونی شەپۆلی بارانبارین و مەترسیی رودانی شۆرتی کارەبا، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لە هەندێک گەڕەک و ناوچە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی ئاو لێیان کۆبووەتەوە، کارەبا بە کاتی دەبڕدرێت.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، تیمەکانیان ئامادەکردووە بۆ بڕینی کاتیی کارەبا لە هەر شوێنێک کە بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو و بارانبارینەوە، مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست بکات.

ئەم بڕینە کاتییانە تەنیا بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان ئەنجام دەدرێن و هیچ مەبەستێکی دیکەیان نییە، هەروەها وەزارەتەکە دڵنیایی داوە کە بە ئاساییبوونەوەی بارودۆخی کەشوهەوا و لابردنی مەترسییەکان، تەزووی کارەبا دەستبەجێ دەگەرێندرێتەوە.

وەزارەتەکە داوای لە هاوڵاتییان دەکات لەم ماوەیەدا ئاگاداری مەترسییەکانی کارەبا بن لە شوێنانەی کە ئاوی لێ کۆبووەتەوە.