بۆ چەکداماڵینى پەکەکەپە؛

پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” پێشکەش بە پەرلەمانى تورکیا کرا

وریا فەتاح

لە هەنگاوێکی نوێدا بەرەو ئەو قۆناغەی کە حکومەتی تورکیا بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، پڕۆژەیاسایەک کە لە 12 ماددە پێکدێت و واژۆی 360 پەرلەمانتاری لەسەرە، بە فەرمی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا  کرا.

دوای کۆبوونەوەیەکی داخراوی فراکسیۆنی ئاکپارتی، عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە، وردەکارییەکانی پڕۆژەیاساکەی ئاشکرا کرد. ناوەڕۆکی ئەم یاسایە ئامانجییەتی چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەمنی بۆ چەکداماڵینی پەکەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامەکانیدا دابنێت.

وردەکاریی و شیکردنەوەی 12 ماددەکەی پڕۆژەیاساکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ماددەکانی 1 و 2: مەرجی سەرەکیی دەوڵەت بۆ دەستپێکردنی یاساکە
ئەم یاسایە راستەوخۆ جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو مەرجێکی توندی لەسەرە، دەبێت سەرەتا دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا بە فەرمی پشتڕاستی بکەنەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK/KCK) کۆتایی بە هەموو چالاکییەکی کردەیی هێناوە و سەرجەم چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەست کردووە. دواتر ئەم پشتڕاستکردنەوەیە لەلایەن “ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی” بڕیاری لەسەر دەدرێت و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە. تەنیا لە دوای ئەم هەنگاوە، یاساکە دەکەوێتە کار.

ماددەی 3: کێ بێبەش دەبێت و سزاکان چۆن هەڵدەپەسێردرێن؟
ئەم یاسایە لێخۆشبوونی گشتی نییە و هەموو کەسێک ناگرێتەوە:

ئەوانەی بێبەش دەبن: هەر کەسێک لە چوارچێوەی رێکخراوەکەدا تاوانی “کوشتنی بەئەنقەست”ی کردبێت، یان پێش 1ـی حوزەیرانی 2005 تاوانێکی کردبێت کە سزاکەی زیندانیی هەتایی بێت، ئەم یاسایە نایگرێتەوە.
هەڵپەساردنی سزاکان: بۆ ئەو تاوانانەی سزاکەیان لە 15 ساڵ کەمترە، دۆسیەی دادگا و دادگاییکردنەکان بۆ ماوەی 5 ساڵ رادەگیرێن. بۆ ئەو تاوانانەشی سزاکەیان لە 15 ساڵ زیاترە یان زیندانی هەتاییە، بۆ ماوەی 10 ساڵ ڕادەگیرێن.
ماددەی 4: لابردنی کۆتوبەندەکان
ئەو کەسانەی کە بڕیاری هەڵپەساردنی سزایان (5 بۆ 10 ساڵەکە) دەیانگرێتەوە، راستەوخۆ سەرجەم بڕیارەکانی پێشووی وەک دەستبەسەرکردن و چاودێریی دادوەرییان لەسەر لادەبرێت و ئازاد دەکرێن.

ماددەی 5: تەڵە یاساییەکە (چۆن سزاکە دەسڕێتەوە یان جێبەجێ دەکرێت؟)
ئەم یاسایە ئازادییەکی مەرجدار دەدات. لەو ماوەیەی کە سزاکەی تێدا راگیراوە (5 یان 10 ساڵەکە)، ئەگەر کەسەکە هەر تاوانێکی پەیوەندیدار بە تیرۆر ئەنجام بدات، راستەوخۆ رێکەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە و دەخرێتەوە زیندان بۆ تەواوکردنی سزاکەی. بەڵام ئەگەر ئەو ماوەیە بەبێ کێشە تێپەڕێنێت، ئەوا دۆسیەکەی بەتەواوی دادەخرێت و سزاکەی لەسەر هەڵدەگیرێت.

ماددەی 6: چارەنووسی ئەوانەی ئێستا لە زینداندان
هەمان ئەو مەرجانەی سەرەوە، زیندانییەکانی ئێستاش دەگرێتەوە (جگە لە بکوژەکان). ئەگەر سزاکەیان لە 15 ساڵ کەمتر بێت، جێبەجێکردنی سزاکەیان 5 ساڵ رادەگیرێت و ئازاد دەکرێن. ئەگەر سزاکەشیان لە 15 ساڵ زیاتر بێت، بۆ ماوەی 10 ساڵ ڕادەگیرێت.

ماددەی 7: دروستکردنی ئەنجوومەنی باڵای کۆنترۆڵ
دوای بڵاوبوونەوەی یاساکە، دەوڵەت ئەنجوومەنێکی باڵای ئەمنی دروست دەکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە کە پێکدێت لەم بەرپرسانە: (جێگری سەرۆککۆمار، وەزیری داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، سەرۆکی میت، و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایش).

ماددەی 8: کۆکردنەوە و تۆمارکردنی چەک
دەبێت سەرجەم ئەو چەک، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێل و کەرەستانەی لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە رادەست دەکرێن، لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ناوخۆوە بە فەرمی تۆمار بکرێن.

ماددەی 9: ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری
هەر کەسێک بیەوێت لەم یاسایە سوودمەند بێت، تەنیا 6 مانگ مۆڵەتی هەیە. ماوەکەش لەو رۆژەوە دەستپێدەکات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی پەکەکە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکاتەوە. داواکارییەکەش دەبێت بە نووسراو بێت.

ماددەی 10: پارێزبەندی بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت
سەرجەم ئەو بەرپرس و فەرمانبەرانەی کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەکەن، پارێزبەندییان دەبێت و لە داهاتوودا رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی، کارگێڕی یان سزایی نابنەوە.

ماددەکانی 11 و 12: کاتی جێبەجێکردن
ئەم یاسایە ڕاستەوخۆ لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا جێبەجێ دەکرێت، و سەرۆککۆماری تورکیا بەرپرسی یەکەمە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیدا.