کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم – وێنە؛ ئەرشیف
ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان؛
“هەموو رێکارێک بۆ رووبەڕووبونەوەی کێشەی کەمی بەنزین بگرنەبەر”
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارد هەموو رێکار و هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر بۆ رووبەڕووبونەوەی کێشەی کەمی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لە رێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.7.2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە دۆخی ئاسایش، خزمەتگوزاری و کاروباری پەیوەست بە ئەرکی گشتی تاووتوێ کرد.
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە و شەرمەزار کراوە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و ئارامی کوردستان و ناوچەکەیە.
دواتر ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری ناوخۆی پەسەند کردووە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە سزاکانی هاتوچۆ بە رێژەی 20٪، لە رۆژی 1.7.2026 تاوەکو رۆژی 31.12.2026.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپاردووە کە هەموو رێکار و هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر بۆ رووبەڕووبونەوەی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاسانکاریی پێویست لەمڕووەوە پێشکەش بکەن بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە سووتەمەنی و رێگرتن لە هەر رێکارێک کە ببێتەهۆی بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپاردووە، چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کوالیتی بەنزین بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.
دواتر ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کردووە تایبەت بە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لەرێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، رێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەکرێت، هەروەها رێژەی 25% داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەکرێت.