پڕۆژەى رووناکى رەتدەکەنەوە

دانیشتووانی گوندێکی پێنجوێن ستافی کارەبایان دەرکرد و پێوەرە زیرەکەکانیان لێکردەوە

964+
بڕوا مەجید – پێنجوێن

بەیانی ئەمڕۆ (3.8.2026)، دانیشتووانی گوندی کەژان لە سنووری قەزای پێنجوێن، رێگرییان لە ستافێکی کارەبا کرد کە سەرقاڵی دانانی پێوەری زیرەک بوون بۆ ماڵەکانیان، دانیشتووانی گوندەکە ستافەکەیان دەرکرد و ئەو پێوەرانەشیان لێکردەوە کە بەسترابوون.

جەمال محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی کەژان بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ ستافێکی پێوەری زیرەک هاتبوونە گوندەکەمان، لەو کاتەدا دانیشتووانی گوند خەریکی ئیشوکاری رۆژانەی خۆیان بوون، ئەوان فرسەتیان هێنابوو لەسەر شەش ستوونی کارەبا پێوەریان بەستبوو، کە زانیمان خێرا چووین رێگریمان لێکردن”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی گوندەکە، پڕۆژەی رووناکی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، “ئەمە سیستەمی تاریکییە نەک رووناکی، هیچ لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نییە و پارەکەی دە هێندەی جاران دێتەوە، بۆیە رەتیدەکەینەوە.”

گرژییەکە بەوەوە نەوستاوە، بەقسەی جەمال محەمەد، دوای رێگریکردنەکە هێزە ئەمنییەکان هاتوونەتە گوندەکە، بەڵام خەڵکەکە سوور بوون لەسەر بڕیارەکەیان و نەیانهێشتووە کارەکە بکرێت.

“بەناچاری ستافەکە گوندەکەیان بەجێهێشت، دواتر گەنجەکان و هاوڵاتیانی گوندەکە خۆیان چوون بەسەر ستوونەکاندا و ئەو شەش پێوەرەشی کە بەسترابوون، لێیان کردنەوە”، جەمال محەمەد وای بە 964 وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح