کوڕان کوژران و کچان رفێندران

12 ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگالدا تێدەپەڕێت

وریا فەتاح

ئەمڕۆ 12 ساڵی تەواو بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. لە بەرەبەیانی 3ی ئابی 2014، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری ناوچەکەیاندا و یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژوویان دژی ئەو پێکهاتەیە ئەنجامدا، کە تێیدا پیاوان قەتلوعام کران و کچ و ژنانیش بە دیل بران.

سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، کە بە 73ـەمین فەرمان (قڕکردن) لە مێژووی ئێزدییەکان دادەنرێت، هێشتا زامی ئەو پێکهاتەیە ساڕێژ نەبووە. لەو هێرشەدا نزیکەی 9,900 کوردی ئێزدی (کە دەکاتە 2.5%ی دانیشتووانی ناوچەکە) بوونە قوربانی.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 3,100 کەس کوژران، کە 1,400 کەسیان بە گولـلە، سەربڕین و زیندەبەچاڵکردن شەهید کران و 1,700 کەسیشیان بەهۆی برسێتی و تینوێتییەوە گیانیان لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە 6,800 کەسیش رفێندران، کە زۆربەیان کچ و ژن بوون و لە بازاڕەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا (بۆ نموونە کچێکی تەمەن 10 ساڵان، 10 جار کڕین و فرۆشتنی پێوە کرابوو).

سەبارەت بە چارەنووسی رفێندراوان، نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا 3,590 کوردی ئێزدی رزگارکراون، بەڵام هێشتا چارەنووسی 2,600 کەس نادیارە. بەرپرسی نووسینگەکەش ئاشکرای کردووە کە هیچ لایەنێکی عێراقی یان نێودەوڵەتی، هاریکاریی داراییان ناکات بۆ پرۆسەی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانەی ماون.

ئەم جینۆسایدە بووە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی ئەو پێکهاتەیەدا کە خاوەنی کۆنترین ئایینن لە عێراقدا و ژمارەیان لە نێوان 600 بۆ 650 هەزار کەس دەبوو. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف، لە کۆی 550 هەزار ئێزدی، 390 هەزاریان ئاوارە بوون و تا ئێستاش ژمارەیەکی کەمیان گەڕاونەتەوە، هاوکات 90 هەزار کەسیشیان بەیەکجاری عێراقیان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، تا ئێستا زیاتر لە 12 وڵات (لە نێویاندا ئەڵمانیا و سویسرا) تاوانەکەی داعشیان بە فەرمی وەک “جینۆساید” ناساندووە. لە ساڵی رابردووشدا، میری ئێزدییان لە نامەیەکی کراوەدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ رزگارکردنی ئەو ئێزدییانەی هێشتا لە سووریا و ناوچەکانی دیکەدا ماون.