جلوبەرگی سەربازییان لەبەربووە

3000 دۆلار و 1600 سەرمەڕی هاوڵاتییەکی کوردی کۆبانێیان دزیوە

فەرهاد حەسەن

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، چەند کەسێک کە جلومەرگی سەربازییان لەبەربووە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی کورد لە گوندێکی کۆبانی و پارە و سەرەمەڕێکی زۆریان لێ دزیوە.

ئەوەی ئەو کارەیان کردووە گروپێکی چەکدار بوونە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی کورد لە گوندی “مەندیک”ی سەر بە ناحیەی جەلەبییە لە دەوروبەری کۆبانێ و تاڵانکارییەکی گەورەیان ئەنجامداوە.

پاش چوونە ناو ماڵی هاوڵاتییە کوردەکە، خاوەن ماڵ و کوڕەکانیان بەستووەتەوە و لەژێر هەڕەشەی چەکدا دەستیان کردووە بە دزینی مۆڵک و ماڵیان.

چەکدارەکان توانیویانە بڕی سێ هەزار دۆلاری ئەمریکی و تەواوی مۆبایلەکانی ئەندامانی خێزانەکە بدزن، جگە لەوەش، لە یەکێک لە گەورەترین دزییەکانی مەڕ و ماڵات لە ناوچەکەدا، چەکدارەکان دەستیان بەسەر هەزار و 600 سەر مەڕدا گرتووە و بە بارهەڵگرەکان گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گومانەکان بۆ سەر چەکدارانی هەردوو گروپی “حەمزات” و “عەمشات” دەچن، کە سەر بە پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگریی (حکومەتی کاتیی سووریا)ن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لێدوان یاخود روونکردنەوەی لەسەر ئەم رووداوەکە نەداوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە سکاڵای هاوڵاتیان لە دەوروبەری کۆبانێ بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی دزی و تاڵانکاری لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رووی لە زیادبوون کردووە، دانیشتوانی ناوچەکە داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە و سزادانی تۆمەتباران دەکەن، هەروەها داوا دەکەن سنوورێک بۆ ئەو بێسەروبەرییە ئەمنییە دابنرێت، کە بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیان و سامانی هاووڵاتیانی مەدەنی.