"وەڵامی هێرشە درۆنییەکان بوو"

سعودیە و ئەمریکا چەند ئامانجێکی گروپە چەکدارەکانیان لە ناو خاکی عێراق پێکا

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی بەرگریی عەرەبستانی سعودی رایگەیاند، کە هێزە چەکدارەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، زنجیرەیەک هێرشی ورد و “جۆرییان” کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی گروپە چەکدارەکان لە ناو خاکی کۆماری عێراق.

لیوا روکن تورکی مالکی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، رایگەیاند کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی کە لە رۆژانی 27 و 28 ی تەمموزی 2026 کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە ناوچەکانی “رۆژهەڵات” و “ریاز”.

سعودیە جەختی کردەوە کە ئەو هێرشە “تێرۆریستی”یانە لە خاکی عێراقەوە دەستیان پێکردووە و لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون.

وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی مافی رەوای پاراستنی خۆیان دێت کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ماددەی 51 ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دابینی کردووە ودەڵێت “سعودیە مافی خۆیەتی لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بداتەوە کە بکرێتە سەر سەروەری و بەرژەوەندییەکانی”.

عەرەبستانی سعودی دەشڵێت، نایەوێت ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەرز بکاتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا بە توندی وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەر خاکەکەی.