کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران
"دەبێت ڕێگری لە قۆرخکاری بکرێت"
حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین چەند بڕیارێکی دەرکرد
وریا فەتاح
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کێشەی گرانیی بەنزین هاتە دەنگ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارد بەپەلە رێگری لە قۆرخکاری بازاڕ بکات و بەربەستەکان بۆ هەرزانکردنی بەنزین هەڵبگرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی تەممووزی 2026)ـی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، کێشەی کەميی و گرانیی سووتەمەنی کرا بە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان. پاش هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دا:
یەکەم: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راسپێردرا بە توندی چاودێریی بازاڕ و کوالێتیی سووتەمەنی بکات و رێگری لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک بکات.
دووەم: بڕیاردرا سەرجەم بەربەستەکان لاببرێن و هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و تەکنیکی بکرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئاسانی و بە نرخێکی گونجاو دەستیان بە بەنزین و سووتەمەنی بگات.
سێیەم: حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە کە بەپێی دەستوور و ژمارەی دانیشتووان، مافی خۆیەتی بەشی پێویست لەو نەوتە وەربگرێت کە حکومەتی عێراق بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانی دەکات.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی (دارایی و پلاندانان)ـی راسپارد کە لە ئێستاوە داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی عێراقی ساڵی 2027 ئامادە بکەن. ئامانج لەمە، لابردنی ئەو بەربەستانەیە کە پێشتر خراونەتە بەردەم ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە بەمزوانە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بکرێت بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان.
حکومەتی هەرێم هۆشداری دا بە بەغدا کە دەبێت پشکی هەرێم لە هەر قەرز و کۆمەکێکی نێودەوڵەتی بدات کە دەیداتە عێراق، چونکە هەرێمیش بەشدارە لە دانەوەی قەرزەکانی عێراقدا.
هەروەها لەسەر ئاستی ئەمنی، ئەنجومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند؛ هەرێم بەشێک نییە لە گرژییەکانی ناوچەکە و خوازیاری ئاشتییە.