داواى لێبوردن دەکات
بە دڵشکاوی دەگەڕێتەوە کەرکوک؛ کوردەوان هەڵەبجەیی دۆسیەی ونبوونەکەی داخست
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
دوای سێ ساڵ لە هەوڵدان بۆ سەلماندنی ناسنامەکەی وەک یەکێک لە ونبووانی هەڵەبجە، “کوردەوان هەڵەبجەیی” بە یەکجاری کۆتایی بە کەیسەکەی هێنا و بڕیاریدا شارەکە جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک.
کوردەوان هەڵەبجەیی بە 964ـى راگەیاند، بە یەکجاری دۆسیەکەی بەبێ هیچ ئەنجامێک داخستووە. وتیشی: “بەباشم زانی کۆتایی بەم ململانێیە بهێنم، داوای لێبوردن لە ماڵی خوالێخۆشبوو کاک مەحمود دەکەم و نامەوێت دڵشکانی تێدا بێت.”
لە ساڵی 2023ـەوە، کوردەوان بە فەرمی دۆسیەی لە بەرامبەر ماڵی (کاک مەحمود) کردەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کوڕی ئەوانە. بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، لەو ماوەیەدا زۆر ماندوو بووە، کێشەی زۆری بۆ دروست بووە و قسەی نەشیاوی پێ وتراوە. هەر بۆیە دەڵێت:هەر گەنجێک وا هەست بکات ونبووی هەڵەبجەیە و گوێی لە بەسەرهاتی من بێت، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە.”
سەرەڕای ئەوەی ماوەی سێ ساڵە لە هەڵەبجە نیشتەجێیە، بەڵام بڕیاری رۆیشتنی داوە و وتى،”من هەڵەبجە بەجێدەهێڵم و بە دڵشکاوی دەگەڕێمەوە بۆ کەرکوک، لەوێ ژیانێکی نوێ دروست دەکەینەوە، بەڵام هەمیشە شانازی بە هەڵەبجەیی بوونی خۆمەوە دەکەم.”
کوردەوان هەڵەبجەیی (کە ناوی پێشووی هاوڕێیە)، سێ ساڵ لەمەوبەر وەک یەکێک لە منداڵە ونبووەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەرکەوت و کەیسێکی یاسایی کردەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو خێزانەی کە گوماندەکرا کەسوکاری بن، رەتیان کردەوە کە ئەمە کوڕی ئەوان بێت، کەیسەکە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، تا دواجار ئەمڕۆ خۆی بڕیاری کۆتاییهێنان و داخستنی یەکجاریی دۆسیەکەی دا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح