"نامهەوێ دەست لە کەس پان بکەمەوە"
ژنێکی بەئیرادە؛ نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و بۆ چارەکردنی ئیش دەکات
کاردۆست حسێن ـ هەولێر
لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا زۆرن ئەو ژن و کچە بەدڵ و جورئەتانەی کە شانبەشانی پیاو و کەسوکاریان ئیش دەکەن و چۆک بە تەنگ و چەڵەمەکانی ژیاندا دەدەن، میهربان ئیسماعیل یەکێکە لەو ژنانە و سەرەڕای هەبوونی نەخۆشییەکی درێژخایەن، بووەتە خاوەنکاری خۆی و وەک شێرەژن رووبەڕووی نەخۆشییەکەی بووەتەوە.
خاتوو میهرەبان بە یارمەتی خێرخوازان دوکانێکی شیرینی فرۆشی لە هەولێری پایتەخت کردووەتەوە، ئەو بە 964ـی وت، “نەخۆشییەکەی من لە جۆری AVMـە کە هەندێک جار تووشی گەشکە و خوێنبەربوونی مێشک دەبم و زوو زووش شتم لەبیر دەچێتەوە”.
“نامهەوێ دەست لە هیچ کەس پان بکەمەوە و بەم کارەم دەمهەوێ مەسروفی نەخۆشییەکەم و کچەکەم و هاوسەرەکەم دەربهێنمەوە”، خاتوو میهرەبان وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشییەکەی بە چوار دەفتەر دۆلار واتە 40 هەزار دۆلار لە هیندستان چارەسەر دەکرێت، لە کاتی ئیشکردنیشدا تووشی سەختی و ماندووبوونی زۆر دەبێ و بە هاوکاری هاوسەر و خوشکەکەی لەسەرپێ ماوەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری