بۆ 4.044 دۆلار دابەزی

هێز و هەیبەتی دۆلار نرخی زێڕی دابەزاندووە

ژووری هەواڵ

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هۆکارێکیان بەهێزبوونی بەهای دۆلارە و دووەمیشیان وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڕیاری نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ دیاریکردنی رێژەی سوودی بانکی.

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە  چوار هەزار و 44 دۆلار، لەکاتێکدا دوێنێ دووشەممە بە رێژەی 1% بەرزبووەوە، نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووی ئەمریکا بۆ مانگی ئاب، بە رێژەی 0.8% دابەزی و گەیشتە  چوار هەزار و 45 دۆلار.

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە بانکی ناوەندی ئەمریکا کۆببێتەوە و 62%ی شارەزایانیش پێشبینی دەکەن رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بمێنێتەوە، لە بەرامبەردا 38% پێشبینی دەکەن رێژەی سوود لانیکەم 25 خاڵ بەرز بکرێتەوە، کە ئەمەش بەراورد بە هەفتەی رابردوو 16% زیادیکردووە و بازاڕەکانیش بە رێژەی 81% پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە.