"لە 2020ـەوە خۆپیشاندان دەکەین و هیچمان بۆ نەکراوە"

وانەبێژانی خۆبەخشی کەرکوک دیسان هاتنەوە سەر شەقام و دەنگیان هەڵبڕی

کاروان ساڵحی – کەرکوک

مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش لە کەرکوک جارێکی دیکە دەنگیان هەڵبڕی و داوا دەکەن، ناویان بخرێتەناو ئەو حەوت هەزار پلە وەزیفیەی کە قەرارە دابمەزرێن.

چەند نوێنەرێکی ئەو مامۆستایانە قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، لە ساڵی 2020ـەوە خۆپیشاندان دەکەن، هەرجارەو بەبیانوو و بەڵێنێکی بێ بنەما بەڕێدەکرێن و تاوەکو ئێستاش هیچیان بۆ نەکراوە.

وەک خۆیان دەڵێن، لە دوایین لێدوانیدا محەمەد سەمعان پارێزگاری کەرکوک رایگەیاندووە، کە هەوڵ دەدەن ساڵی داهاتوو کاتێک بودجەی عێراق پەسەند کرا، شوێنیان بۆ دابنرێت و دابمەزرێندرێن، بەڵام ئەوان چاوەڕێ ناکەن و دەیانهەوێ لەگەڵ ئەو حەوت هەزار کەسەی بڕیاریان لەسەر دراوە، دابمەزرێندرێن.

مامۆستا نیان سەڵاحەدین یەکێک لە مامۆستایانی کەرکوک لەگەڵ وانەبێژان هاتووەتە سەر شەقام و دەڵێت، “ئەوان مافی خۆیانە و من ئامادەم خۆم خانەشین بکەم و کەسێک لەوانە بێتە شوێنەکەم”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری