ملیۆنان خوێندکار رژاونەتە سەر شەقامەکان
دزەکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە هیندستانی هەژاند
964+
پەری ساڵح
دزەکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانی لە هیندستان شەپۆلێکی گەورەی توڕەیی و ناڕەزایەتی بەرپا کردووە و ملیۆنان خوێندکار و هاوڵاتی رژاونەتە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە.
قەیرانەکە لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە دەرکەوت پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە کۆلێژە پزیشکییەکان دزەی پێکراوە، بەهۆی ئەو ساختەکارییەوە، ئەنجامی تاقیکردنەوەی راستەوخۆی زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی هەڵوەشێنرایەوە کە بە هیوای بەدەستهێنانی کورسیی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکییەکان بەشدارییان تێدا کردبوو.
دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە، خوێندکاران لە شارە جیاوازەکانی هیندستاندا رژانە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری خوێندنی باڵا و ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتییان لە سیستەمی خوێندنی وڵاتەکەیاندا کرد.
خۆپیشاندانەکان گرژیی لێکەوتەوە و هێزەکانی پۆلیس بە توندوتیژییەوە رووبەڕووی خوێندکاران بوونەوە و لێیاندان، بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە رەوشی ناوچەکەی زیاتر ئاڵۆز کردوو لە چەند رۆژی رابردوودا بە هەزاران هاوڵاتیی دیکەش لە دژی رەفتاری پۆلیس هاتوونەتە سەر شەقام و پشتگیریی خۆیان بۆ داواکاریی خوێندکاران دووپات دەکەنەوە.