دوێنێ شەو چی گوزەرا؟

بەنزین بووەتە گرێ کوێرەی شۆفێران و ئەمریکا و ئێرانیش پێکنایەن

ژووری هەواڵ

وەزعەکە ئاڵۆزە و بەنزین بووەتە گرێ کوێرەی شۆفێران و ئەمریکا و ئێرانیش نە پێکدێن و نە شەڕێکی یەکلاکەرەوەش دەکەن؛ تەواوی پێشهاتە گرنگەکان لە رووداوەکانی ناوخۆ و جیهانەوە؛

📌لە ناوخۆی و بەشێکی زۆر لە شارەکانی هەرێم قەیرانی بەنزین تا بێت گەورەتر دەبێت، بە جۆرێک شۆفێران شەو رۆژێک لە سەرە دەمێننەوە و ئەمرۆش لە هەولێر بە کارتی ئەلکترۆنی بەنزین دابەش دەکرێت و ئەوەی پێی نەبێت ناتوانێت وەریگرێت.

📌درەنگانی شەوی رابردوو لە بەشێکی ناوچەکانی خەلیفان و پیرمام و شەقڵاوە و هەریر و کۆرێ، هاوڵاتیان هەستییان بە بوومەلەرزە کرد، تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی گوڕەکەی دیاری نەکردووە و پشتی راستی نەکردووەتەوە.

📌لە دەوروبەری کاتژمێر 2 دەنگێکی بەهێز لە ئاسمانی چەند ناوچەیەکی هەولێر بیسترا، میدیا عێراقیەکانیش دەڵێن: درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر خراوەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی یان مادیی لێ بکەوێتەوە.

📌رۆیتەرز: پاش راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نرخی نەوت %4 دابەزی.

📌ترەمپ لە هەژماری خۆی لە ترووس سۆشیاڵ وێنەیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد بڵاودەکاتەوە کە هاوشێوەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانییە بۆ سەر دوورگەی خارگی ئێرانی و کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.

📌نەتەنیاهۆ: ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا وەڵاممان زۆر بەهێز دەبێت.

📌نیویۆرک تایمز لە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە: گومانمان هەیە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکان ئێران هان بدات بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان.

📌وەزیری دەرەوەی ئیمارات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان تاوتوێی دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان و هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکە دەکات.

📌ئەکسیۆس: فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە زۆربەی ئەو ئامانجانەی بۆ بۆردومانکردن لە ناوچەی هورمز دیاریکرابوون، پێشتر کراونەتە ئامانج.

📌ئەکسیۆس: فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێرشەکانی دوایی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو توانای ئێرانی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لاواز کردووە.

تۆڕی سی بی ئێس نیوز: بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران راگیراون، بەهۆی سەردانەکەی رۆژی هەینی بەرپرسانی عومان بۆ تاران بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان.

📌میدیای فەلەستینی: لە چەند کاتژمێری رابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین شارۆچکە و دێهاتی کەرتی رۆژئاوا.

📌ماڵپەڕی والای ئیسرائیلی لە سەرچاوەی بەرپرسانەوە: بارودۆخی کەرتی رۆژئاوا زۆر مەترسیدارە و بڕیار دراوە هێزەکان لە ناوچەکە بەهێزتر بکرێن.