ریکۆردی شکاند؛ فڕۆکەیەک 19 کاتژمێر بەبێ وەستان بە ئاسمانەوە بوو
964+
پەری ساڵح
فڕۆکەیەکی جۆری ئێرپاس، ریکۆردی جیهانیی زۆرترین ماوەی فڕینی بەبێ وەستان لە مێژووی فرۆکەوانیدا شکاند، دوای ئەوەی توانی گەشتێکی دوورودرێژ لە ئەوروپاوە بۆ ئوستورالیا ئەنجام بدات.
فڕۆکەی (Airbus A350-1000ULR)، کە تایبەت بۆ ئەرک و گەشتە زۆر دوورەکان دروستکراوە، لە فڕۆکەخانەی تولۆز لە فەرەنساوە هەڵفڕی و راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی مێلبۆرن لە ئوسترالیا نیشتەوە.
گەشتەکە بە تەواوی 19 کاتژمێر و 12خولەکی خایاند و تێیدا فڕۆکەکە نزیکەی 17 هەزار کیلۆمەتری بە بێ هیچ وەستانێک بە ئاسماندا بڕی.
پێشتر ریکۆردی درێژترین گەشتی ئاسمانی بەبێ وەستان لە دەستی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی سەنگافورەدا بوو، کە 18 کاتژمێر و 30 خولەکی خایاندبوو.
ئەم گەشتەی ئەمڕۆی فڕۆکەی ئێرپاس گەشتێکی ئەزموونی بوو، بەپێی پلانەکانیش بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2027دا بە فەرمی ئەم جۆرە گەشتە راستەوخۆیانە بۆ گەشتیاران دەستپێبکەن.