دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
"لە بۆردومان تێوەگلاون"
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا بۆ عێراق: تۆمەتەکان راست نین
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا ئەمڕۆ سێشەممە 28.7.2026 رایگەیاند، تۆمەتەکانی تێوەگلانی گرووپێکی وڵاتەکەی لە چالاکیی نایاسایی لەناو عێراقدا راست نین.
پێشتر، قاسم عەبودی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق وتبووی، ئەندامانی شانەیەکی ئۆکرانی دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە، کە دامەزراوە عێراقییەکانیان بۆردوومان کردووە.
هيورهی تيخی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا لە راگەیاندراوێکدا دەڵێ بانگەشەکانى تێوەگلانی ئۆکراینا لە چالاکیی نایاسایی لەناو خاکی عێراق راست نین و رەتیدەکەینەوە، هیچ بەڵگەیەک نییە، کە ئەم بانگەشەیە بسەلمێنێت.
ئاماژەی بەوەش کراوە، لایەنە عێراقییەکان لە رێگەی کەناڵە دبلۆماسییەکانەوە هیچ زانیارییەک یان نیگەرانییەکی پەیوەندیداریان بە ئۆکراینا رانەگەیاندووە، ئەگەر ئەم بانگەشانە بنەمایەکیان هەبووایە، ئاسایی بوو لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بخڕێنەڕوو.
ئۆکراینا بە نەشیاوی دەزانێت کە بەرپرسێکی باڵا لە وڵاتێکی دۆستدا لێدوانی لەم شێوەیە بدات بەبێ پشتبەستن بە بەڵگە، ئەمە لەگەڵ پرەنسیپەکانی ڕێزی هەردوولادا ناگونجێت و زیان بە پەیوەندییەکانی ئۆکراینا و عێراق دەگەیەنێت.