لە بازیان
حەفرێکی ئاو کۆتایی بە ژیانی گەنجێک هێنا
عەزیز عەبدوڵا – بازیان
لە قەزای بازیان و لەناو حەفرێکی ئاو، گەنجێک خنکاو، بە گوێرەی سۆراغی 964، دوای یەک کاتژمێر مانەوە لە ئاوەکەدا تەرمەکەی دەرهێنراوە.
حەفرەکە بۆ کاری کشتوکاڵی دروستکراوە، گەنجەکە ناوی یوسف تۆفیقە و تەمەنی 21 ساڵ بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28.7.2026، دارا غەریب بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی بازیان بە 964ی وت، ئەم ئیوارەیە لە سەروچاوەی بازیان گەنجێک کە بە نەتەوە عەرەب بووە، بە خنکاوی گەیەندراوەتە مەڵبەندی تەندروستی بازیان.
بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، گەنجەکە لە ناو حەفرێکی ئاودا خنکاوە، کە بۆ خانووی پلاستیکی و کاری کشتوکاڵی دروست کراوە، کە لەو شوێنە سەرقاڵی کارکردن بووە.
ئەو بەڕێوەبەری تەندروستی وتی، دوای خنکانەکەشی زیاتر لە یەک کاتژمێر لە ناو حەفرەکەدا ماوەتەوە ئەوجا گەیەنراوەتە لای ئەوان، باسی لەوەشکرد، تەواوی رێکارە یاساییەکانی لای ئەوان تەواو بووە لە ئێستادا تیمەکانی بەڵگە و تاوان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا