"کۆنتڕۆڵی لەدەست داوە"
بارهەڵگرێک خۆی کرد بە ژووری پۆلیسەکانی بازگەی چیمەن
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر، کە بەرهەمی کشتوکاڵی و میوەی لە سلێمانییەوە هێناوە بۆ کەرکوک، لە نزیک بازگەی چیمەن کۆنتڕۆڵی لەدەست داوە و چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کردووە بە ژوورێکی پۆلیسەکاندا.
رووداوەکە ئەم ئێوارەیە 28.7.2026 روویداوە، جگە لەزیانی مادی باڵەخانە و ئۆتۆمبێل، شۆفێری بارهەڵگرەکە لە رووداوەکەدا بریندار بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمنی کە ویستی ناوی ئاشکرا نەکرێ بە پەیامنێری 964ی وت، شۆفێری بارهەڵگرەکە بۆ ئەوەی زیانی زۆر نەدات لە پۆلیسەکانی بازگەکە، رووی لە ژووری حەوانەوەی پۆلیسەکان کردووە، لەوکاتەدا کەس لە ژوورەوە نەبووە.
سەرچاوەکەی 964 باسی لەوەکرد، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری بارهەڵگرەکە بە سووکی برینداربووە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کراوە.
هەروەها سێ ئۆتۆمبێل زیانی مادی زۆری بەرکەوتووە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کەوتووەتە ژێر بارهەڵگرەکە و ئاگری گرتووە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا