باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق

“دۆخی ئەمنی ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە”

ئەحمەد مستەفا

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد لە سەرانسەری ناوچەکەدا کە ئاگاداری دۆخی ئاسایش بن و دەڵێ، دۆخی ئەمنی ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە.

لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.7.2026 بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا لە عێراق دەڵێ، بەهۆی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی ئەمنی ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە.

لەگەڵ ئەوەی داوای لە هاوڵاتییانی ئەمریکی کراوە کە ئاستی وشیارییان بەرز بکەنەوە و ئامادەکاریی تەواو بکهن بۆ روودانی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی کاتیی ئاسمانی ناوچەکە و دروستبوونی ئاستەنگ لە هاتوچۆ.

باڵیۆزخانەکە باسی لەوەکردووە، هەندێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە ناوچەکەدا دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان بەپێی خشتەی پێشوو دواخستووە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی دیکە بە تەواوی هەندێک لە ڕێڕەوە ئاسمانییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.

هەروەها، داوای لە هەموو ئەوانە کردووە کە لە ناوچەکەدا گەشت دەکەن، راستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بکەن، تاوەکو لە خشتەی گەشتەکانیان دڵنیا ببنەوە و کارتی گەشتەکانیان لە کاتی گونجاودا نوێ بکەنەوە.