لیژنە پێکهێنراوە و کارئاسانی بۆ خێزانەکەی دەکەین

کۆنسوڵخانەی چین لەسەر خنکانی خوێندکارە کوردەکە هاتە دەنگ

964+

وریا فەتاح

کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر یەکەم راگەیەندراوی فەرمی لەسەر گیانلەدەستدانی (محەمەد سەعدەدین هادی)، ئەو خوێندکارە کوردەی لە چین خنکا بڵاوکردەوە و دەڵێت، لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردووە و ئامادەن هاوکاری خێزانەکەی بکەن بۆ ئەوەی بچنە ئەو وڵاتە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاتووە، درەنگانی شەوی 8ـی ئەیلولی 2026، کۆنسوڵخانە ئاگادارکراوەتەوە کە محەمەد سەعدەدین، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی زەریای چین (Ocean University of China) بە رووداوێکی دڵتەزێن خنکاوە. کۆنسوڵخانەکە پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاراستەی خێزانەکەی دەکات.

لە بارەی بەدواداچوونەکانەوە، کۆنسوڵخانەی چین ئاماژە بەوە دەکات کە دەستبەجێ پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیانەوە کردووە بۆ زانینی وردەکارییەکان. دەڵێت: “هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆیی و زانکۆکە تیمێکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و رێکارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن، هەر زانیارییەکی نوێش هەبێت دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان بڵاوی دەکەینەوە”.

باس لەوەش کراوە کە دەسەڵاتدارانی چین لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە پەکین.

سەبارەت بە چارەنووسی تەرمەکەی و سەردانی کەسوکارەکەی، کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر دەڵێت: ئامادەین هەموو هاوکارییەکی مرۆیی پێشکەش بە خێزانی کۆچکردوو بکەین بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ چین و رێکارەکانی دوای ئەم کارەساتە تەواو بکەن.