سێمێل
دواى داخرانى خواردنگەیەک خاوەنەکەى دەڵێت”هەرگیز نایبکەمەوە”
964+
هەرژین محەمەد – دهۆک
لەسەر دەنگۆی ژەهراویبوونی چەند هاوڵاتییەک، لیژنەکانی قایمقامیەتی سێمێڵ لقێکی خواردنگەیەکیان داخست. تەندروستی شارۆچکەکە بوونی هەر حاڵەتێکی ژەهراویبوون رەتدەکاتەوە، خاوەنی خواردنگەکەش وەک ناڕەزایەتییەک بڕیاری دا بە یەکجاری دەرگای ئەو لقەی دابخات و 35 کرێکار بێکار بکات.
رووداوەکە دوای ئەوە هات کە لە ناو قەزای سێمێڵ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە چەند کەسێک بەهۆی خواردنی (لەفە) لەو خواردنگەیە ژەهراوی بوون. دەستبەجێ لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی سێمێڵ چوونە سەر شوێنەکە، دەرگاکەیان داخست و لەسەریان نووسی: “بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان داخرا”.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سێمێڵ لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، دوای بەدواداچوون بۆ نەخۆشخانەی گشتی شارۆچکەکە، دەرکەوتووە کە بەشی فریاکەوتن پێشوازی لە هیچ حاڵەتێکی ژەهراویبوون نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئوسامە دۆسکی، خاوەنی خواردنگەکە کە خاوەنی سێ لقی دیکەیە لە ناوچەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامى تۆمەتەکانی دایەوە و وتی: “13 ساڵە خزمەتی سێمێڵ دەکەم، خەڵکی سێمێڵ سەلامەتن و کەس بە خواردنی ئێمە نەکەوتووەتە نەخۆشخانە.”
هەر لە کۆنگرەکەدا، خاوەنى خواردنگەکە وتى، “بۆ هەتاهەتایە دەرگای ئەم لقەى خواردنگەکەم لە سێمێڵ دادەخەم، بەمەش 35 کەس کە لێرە کاریان دەکرد، لەمڕۆوە بێکار دەمێننەوە و رۆژانەی خۆیان نابەنەوە ماڵەوە.”
964 بەدواداچوونى زیاترى بۆ بابەتەکە کردووە، سەرچاوەیەک لە لیژنەی قایمقامیەتی سێمێڵ بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، هێشتا ئەنجامی پشکنینەکان دەرنەچوون و هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر شوێنەکە نەدراوە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە پشکنینەکانیان 100% ستانداردن، رێکارەکانیان یاسایین و مافی هەموو لایەنێکە ئەگەر تێبینی هەیە پەنا بباتە بەر دادگا.
ئاشکراشى کرد، دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانیش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تەواوی راستییەکان بۆ رای گشتی دەخەنە روو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح